٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. نەوزاد ھێتوتی: ھەبوونی ئەمەریکا بۆ کورد لە ناوچەکە گرنگە

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info-  لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان وێبینارێکی بۆ پرۆفیسپۆری یاریدەدەر د. نەوازد ھێتوتی، مامۆستای زانکۆ دەربارەی ستراتیژیەتی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ساز کرد و تێیدا ناوبراو بەوردی باسی پێگەی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی، ئەگەر ئەمەریکا بە یەکجاری بکشێتەوە، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت، بەتایبەتی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان پەیدا دەبێت.

د. نەوزاد ھێتوتی لە دەستپێکی وێبینارەکەدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە ناوچە کرد و دواتر تیشکی خستە سەر ھەبوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و دەڵێت: ھەبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکە بۆ کورد پێویستە و بەبێ ئەمەریکا ڕەوشی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.

د. نەوزاد ھێتوتی دەشڵێت: پرسی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کورد بۆ ئیمە زۆر گرنگە، سیاسەتی ئەمەریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێ خاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت. ئێستا سیاسەتی ئەمەریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە و وەکوو جاران نییە، بە شێوەیەکی گشتی ئێستا سیاسەت لەسەر ئەو خاڵانە دەکات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئۆباما و ترامپ و بایدن بەردەوامن. ئەمەریکا بە ھیچ شێوەیەک خۆی تووشی شەڕێکی دیکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناکات و بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ دەدات خۆی لە کێشەکان بەدوور بگرێت، بە ھیچ شێوەیەک ئەمەریکا ھەوڵ نادات شەڕێکی دیکە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات، یان بە شەڕ سیستەمی سیاسیی ھیچ وڵاتیک بڕووخێنێت، سیاسەتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە ھێزەکانی کەم بکاتەوە و لە ڕێگای ھاوپەیمانەکانییەوە سیاسەتی ناوچەکە ڕابگرێت، بەگشتی دەتوانین بڵێین سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر پاراستنی ھاوسەنگیی ھێزە، ئێمە نابێت جارێکی تر چاوەڕوانی ئەوە بین ئەمەریکا بێت سیستەمی سیاسیی وڵاتێک بڕووخێنێت، بۆیە بۆ ئیمە وەک کورد بوونی ئەمەریکا خاڵێکی گرنگە، ئەگەر ئێمە باسی سیاسەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمەریکا بکەین، بێگومان سیاسەتی ئەمەریکا بەشێکە لە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئیمەش بەشێکین لەو سیاسەتە و بە ھەمان شێوە سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە کورد وەک بەشێکە لە عێراق، هەروەها ئەمەریکا لە عێراق دەکشێتەوە کە زۆر کاری لەسەر دەکرێت، ئایا ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە چ کاریگەریی دەبێت و چ کیشەیەک لە عێراق و ناوچەکە ڕوو دەدات و مەترسییەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان چییە؟

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: بڕیاریک لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو داوای دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکای کرد، بەڵام دوای ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان عێراق و ئەمەریکا بڕیار درا کە ھێزەکانی ئەمەریکا بە شیوەیەکی سنوردار بمێننەوە و ئەمەریکا شێوازی خۆی لە ھێزی شەڕکەرەوە بۆ ھێزی ڕاوێژکار گۆڕی بەو شێوەیەی کە نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە عێراق بمێنێتەوە.

جەختیشی کردەوە: مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق زۆرن، لەوانە سەرهەڵدانی، کیشەی دیموکراسی و سەرلەنوێ سەرھەڵدانەوەی داعش، یان شەڕی ناخۆ، بۆیە ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، مەترسیی لەسەر عێراق و کوردستان دەبێت، ھەر لە سەرەتاوە ئەگەر ئەمەریکا نەبووایە ئێستا شتێک نەبوو بە ناوی ھەرێمی کوردستان، ئەمەریکا زۆر یارمەتیی کوردی داوە، بۆ نموونە لەبارەی ناوچەی دژەفڕین (سەیڤ فلای زۆن) و لە ساڵی ٢٠٠٣یش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەمەریکا ڕۆڵی گرنگی بۆ کورد ھەبووە و لە کاتی ھێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، ئەگەر ئەمەریکا و ھاوپەیمانان نەبوونایە کێشەکە زۆر گەورەتر دەبوو. بە شیوەیەکی گشتی ئەمەریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ھێز و کیانی سیاسیی کوردستان ھەیە، پێویستە لایەنی کوردی جەخت لە مانەوەی ئەمەریکا بکاتەوە و لە کوردستان بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق و کوردستان بکشێتەوە، گوشارەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان لە ڕووی سەربازی و دەستووری و دارایییەوە زیاتر دەبن؛ بۆ نموونە، کێشەی یاسای نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی و پێشێلکردنی دەستوور زۆر گەورەتر دەبن.

د. نەوزاد ھێتوتی ڕوونی کردەوە: ئەمەریکا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کە میلیشیاکان بەشێک بن لە سوپای عێراق و دژایەتیی گەندەڵی بکرێت و عێراق لە ئاستی سیاسەتی دەرەوە باڵانسێک ڕابگرێت و نابێت بکەوێتە ئەجێندای ھیچ دەوڵەتێکی دیکەوە و کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. بۆیە ئەگەر ئێمە ھێزێکی نەتەوەییمان نەبێت، ھەردەم ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوییمان دەبێت، بۆ نموونە، ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەگەر ھێزێکی نەتەوییمان ھەبووایە، ئەو ڕووداوانە ڕوویان نەدەدا. هەروەها ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر ڕۆژئاوا ھەیە، بێگومان ئەوەی ھێزی کوردستانی لە ڕۆژئاوا ڕاگرتووە ئەمەریکایە، ئێستا تورکیا فشارێکی زۆر دەکات کە ھێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا، بەڵام ئەمەریکا ناھێڵێت و ڕێگرە، بەتایبەتی لە گفتوگۆی نێوان تورکیا و سووریا و ڕووسیا. ئێمە دەبێ ئەوە بزانین لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڕەشەی زۆر لەسەر کورد ھەیە و دەبێ خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەین، تەنانەت دوای کشانەوەی ئەمەریکا ھەوڵ بدەین پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێزتر بکەین، چ لە ئاستی ناوەوە و چ لە ئاستی دەرەوە، ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ ھێزی پێشمەرگە نیشان داوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ ھیزی پێشمەرگەی کوردستان کردوویەتی. یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ کورد ئەوەیە کە کورد ھێزێکی یەکگرتووی ھەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ ئەمەریکا ھیچی پێ ناکرێت، ھەروەھا بەبێ ئەمەریکا کێشەی کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە ئەو پێنج دەوڵەتە زلھێزە چارەسەر نابێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار