له‌سه‌ر بڕیاره‌کەی دادگای فیدراڵیی عێراق نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتان له هه‌ولێر ئاگادار كراونەتەوە

هەولێر -KDP.info- نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فەرەنسا باس له سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه فەرەنسا خوازیاری ئه‌وه‌یه هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن و گرژییه‌كان نه‌مێنێت.
بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق له‌باره‌ی به‌شه‌بودجه‌ی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ركراوی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیگه‌رانیی خه‌ڵكی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه، له به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی دوێنێ له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "جێگەی سەرسووڕمانە هەركات كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە".
هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له به‌یاننامه‌یه‌دا ده‌ڵێت: ''هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌ك له دادگه‌ى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئه‌وه بوو كه به پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و به ڕه‌چاوكردنى دۆخى سیاسى، نه‌بێته هۆى شێواندنى ئه‌و ده‌رفه‌ت و كه‌شه ئه‌رێنییه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كیشه‌كانى وڵات، به‌تایبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر-به‌غدا دروست بووه و سه‌قامگیریى سیاسیى عێراق نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه!''
دوابه‌دوای ئه‌وه مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ڕاگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تدا ڕایگەیاند: ''دادگای ئیتیحادی، جارێکی دیکەش، دژایەتیی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە دارایییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.''
هاوكات ڕێواز فایه‌ق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەدژی بڕیارەكەی دادگای بەناو فیدراڵیی عێراق هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە زەمینەی لێك تێگەیشتن و ڕێككەوتن دەشێوێنێت.''
كاردانه‌وه‌دان له ئاستی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكوو حزبه سیاسییه‌كان و هێز و لایه‌نه‌كان و پێكهاته‌كان به‌یاننامه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئیدانه‌ی ئه‌و بڕیاره ده‌كه‌ن، به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له كوردستان به‌وردی چاودێریی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و ئاگاداریش كراونه‌ته‌وه له‌وه‌ی لە به‌غداوه چ بڕیارێك له‌دژی كوردستان ده‌دات. دژوار فایه‌ق، ڕاویژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''جێنین پلاسخارات و ئه‌مه‌ریكا و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان له كوردستان سه‌رجه‌میان به‌وردی چاودێریی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و ئاگادارن و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه ناده‌ستووری و نایاسایییه‌ی له دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقه‌وه له‌دژی گه‌لی كوردستان دراوه و چاوه‌ڕوانیان لێ ده‌كه‌ین هه‌ڵویستیان هه‌بێت و بێنه ده‌نگ، چونكه ئه‌وه‌ی كراوه له‌دژی پره‌نسیبی ڕێككه‌وتن و لێکگه‌یشتنە سیاسی و یاساییه‌كانه، بۆیه به‌رپرسیاری یه‌كه‌م دادگایه و ده‌بێت خۆی به‌رپرسیاره‌تی هه‌ڵبگرێت.''
گوتیشی: ''سه‌رۆك بارزانی جارێكی دیكه ڕێگای نه‌دا عێراق ببێته مه‌یدانی جه‌نگ و شه‌ڕی ناوخۆ و لایه‌نه شیعه‌كان نه‌یانده‌توانی به‌بێ سه‌رۆك حكوومه‌ت پێک بێنن، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی پێشنیاری نوێی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان خسته ڕوو و توانیی هاوكار بێت بۆ پێکهێنانی حكوومه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی، كه‌چی ئه‌وه هه‌ڵویست و بیركردنه‌وه‌ی شۆڤێنیی ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه ئێستا ده‌یانه‌وێت سزای گه‌لی كوردستان بده‌ن.''
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: ''ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا ئه‌م جاره بێنه سه‌رخه‌ت و بزانن ئه‌گه‌ر كورد هه‌ر بڕیارێكی داوه له ڕابردوو ده‌ره‌نجامی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته بووه كه ئێستا بۆ هه‌موو جیهانیان خستووه‌ته ڕوو و پێشبینی ده‌كرێت كه كاردانه‌وه‌كان له ئاستی جیهان، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه هه‌بێت.''
به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی، فه‌ره‌نسا نیگه‌رانه له‌و بڕیاره و پێی وایه كه ئه‌مه كه‌شوهه‌وای گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا تێك ده‌دات، عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م وڵاتان له كوردستان ئاگادار كراونه‌ته‌وه و نوێنه‌رایه‌تیی فه‌ره‌نساش له كوردستان ئاگاداره كه ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌گاته فه‌ره‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری له گه‌ڵدایه، له ناویاندا به‌ڕێز فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق.''
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ''فه‌ره‌نسا خوازیاری ئاشتی و پێكه‌وەژیانه له عێراق و هانی هه‌ردوولا ده‌دات كه بگه‌نه ڕێككه‌وتن، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ فه‌ره‌نسا باس له‌وه بكرێت كه ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌هێز بكه‌ن و باسی ئه‌و گرفتانه‌ش ده‌كرێت کە هاتوونه‌ته پێشه‌وه.''




