٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەشت حزبی تورکمانی: بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەمان بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاومان بیر دەخاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- هەشت حزبی تورکمانی لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی باس لەوە دەکەن کە بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەمان بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاومان بیر دەخاتەوە، کە هەموو کار و بەرنامەیەکی دژی کورد و کوردستان بوو.

لە بەیاننامەکەدا کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووە: ''ئێمە وەک هەشت حزبی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە هەموو جۆرێک لەگەل ئازار و مەینەتی خەڵکی کوردستان بووین و خۆمان بە هاوبەشی برا کوردەکانمان زانیوە، ئێستاش کە دادگایەکی بەناو فیدراڵیی نادەستووری هاتووە بڕیارێکی بەپەلەی دژی کوردستان دەرکردووە لەبارەی قووت و مووچەی خەڵکی بەشەرەفی هەرێمی کوردستان، ئێمە وێڕای ئەوەی بەتوندی دژی دەوەستینەوە، هاوکات ئەوەش دەڵێین، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەمان بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاومان بیر دەخاتەوە کە هەموو کار و بەرنامەیەکی دژی کورد و کوردستان بوو.''

لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: ''دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە لە کاتێکدایە ئاسۆیەکی ڕوون هەبوو لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەی سەلماند کە دەست خراوەتە کاروبارەکانی ئەو دەسەڵاتە و چیی تر خەڵک ناتوانن متمانە بەو دادگایە بکەن و سەروەریی خۆی لە دەست داوە و جێگەی متمانەی هاووڵاتییان نییە و ئاراستە دەکرێت''.

لە کۆتاییشدا دەڵێن: ''پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ئەو سەقامگیری و ئارامییەی کە هەیەتی چاوی ناحەزانی کوردستانی کوێر کردووە و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوونەتە چقڵی چاوی دوژمنانمان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان.''

ئەو حزبانەی بەیانییەکەیان دەرکردووە، بریتین لە پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، لیستی میللەت، بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی، پارتی دیموکراتی تورکمانی، کۆمەڵەی لیبراڵی تورکمانی، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تورکمانی، حزبی شروقی تورکمانی و حزبی ڕزگاریی نەتەوەیی تورکمانی.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار