٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا کۆبانێ لەلایەن هێزی پێشمەرگە ڕزگار کرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە کە بەشداریی لە شەڕی ڕزگارکردنی کۆبانێدا کردووە، دەڵێت، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و پێش هەشت ساڵ هێزی پێشمەرگە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی چوونە کۆبانێ و توانییان ئەو شارە لە دەستی داعش ڕزگار بکەن کە پێش ئەوەی پێشمەرگە بچێت خەریک بوو شارەکە بکەوێتە دەست داعش، بەڵام پێشمەرگە سنووری دوو دەوڵەتی بڕی و بە هانای کوردەکانەوە چوو و ڕێگەی نەدا کۆبانێ بکەوێت و ڕزگاری کرد .

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و بەشداربووی شەڕی ڕزگارکردنی کۆبانێ، ڕزگار بەهرام، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شاری کۆبانێدا تێپەڕ دەبێت و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ کۆبانێ بەتەواوی لە دەستی داعش ڕزگار کرا، کە ئەوکات لە ماوەی 48 سەعاتدا داعش توانیی کۆبانێ و زۆرینەی گوندەکان داگیر بکات و تەنها چەند ماڵێک مابوون، لەبەر ئەوەی شوێنی کۆبانی کەوتووەتە شوێنێکی هەستیار و دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا و شاری سرووج و تەنها دەروازەیەک هەبوو هاووڵاتییان خۆیان ڕزگار بکەن، ئەمەش وای کرد شەڕڤانەکان خۆیان دەتەقاندەوە بۆ ئەوەی  نەکەونە دەستی داعش، بەڵام ڕابەری گەلی کورد سەرۆک بارزانی هەستی بە مەترسی کرد لەو پارچەیە، بۆیە داوای کرد هێزی پێشمەرگە بە هانای کۆبانێوە بچن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کورد کۆمکوژ نەکرێن، بۆیە فەرمانی بە هێزی پێشمەرگە کرد لە هێزی پشتیوانیی یەک بە سەرۆکایەتیی شێخ سیهاد بارزانی هێزی خۆی ئامادە بکات بۆ کۆبانێ، ئەوکات لە 27/10 هێزەکان بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتن تا ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ شەڕێکی سەخت ڕووی دا لە گردی مشتەنوور و توانرا کۆبانێ وەکوو شار بەتەواوی ڕزگار بکرێت، کە ڕۆژێکی مێژوویی بوو .

ڕزگار بەهرام گوتیشی: ''پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە سەرۆک بارزانی دەکەین کە توانیی وا بکات هێزی پێشمەرگە سنووری دوو دەوڵەت ببڕێت و بچێتە کۆبانێ، کە ئەمەش زۆر مێژووییە و ئەوە تەنها بە حیکمەتی ڕابەری گەلی کورد دەکرێت، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ هەموو گەلی کورد و جێی شانازییە کە توانرا لە ڕۆژێکی وەکوو  ئەمڕۆدا کۆبانێ بەتەواوی لە دەست داعش ڕزگار بکرێت.

بەهرام باسی لەوەش کرد: ''لە گردی مشتەنوور شەڕێکی گەورەی لێ ڕوو دا، بەڵام هێزی پێشمەرگە سەرکەوتوو بوو و توانیی ڕزگاری بکات و کۆبانی بکەوێتە دەست هێزی پێشمەرگە و دواتریش بەرەو ڕزگارکردنی گوندەکانی دیکە ڕۆیشتین و ئەوانیش ڕزگار کران.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار