وەزارەتی کشتوکاڵ: ھێشتا زووە بۆ لێدانی زەنگی وشکەساڵی

ھەولێر-KDP.info- ئەمساڵ کەمیی باران ترسی لای جووتیاران پەیدا کردووە و بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ، ھێشتا زووە بۆ ڕاگەیاندنی وشکەساڵی و ئەمساڵ زیاتر باران باریوە لە ساڵی ڕابردوو.
ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ ڕێژەی باران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشترە، ھێشتا زووە لە ھەرێمی کوردستان زەنگی وشکەساڵی لێ بدرێت، چونکە ڕێژەی باران زۆر نییە، بەڵام ڕەوشەکە باشترە لە ساڵی ڕابردوو، ھاوکات چاوەڕێی ھاتنی بارانی زیاترین لەو دوو مانگەی داھاتوو، بەپێی پێشبینیەکانیش حەفتەی داھاتوو شەپۆلێکی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
ھیوا عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین و ئەگەر کار گەیشتە ئەوەی وشکەساڵی ڕاگەیاندرا ئەوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی دەبێت و بەفەرمی وشکەساڵی ڕادەگەیەندرێت، ئەگەرچی زووە بۆ بڕیاردان لەسەر وشکەساڵی".
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕۆژی شەممەی داھاتوو شەپۆلێکی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا ڕۆژی چوارشەممەی داھاتووش بەردەوام دەبێت.
قائید میرۆ




