لە دھۆک ژمارەیەک ڕێنمایی لەبارەی بەکارھێنانی سیستەمی غاز دراوەتە حکوومەت

دھۆک -KDP.info- دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لیژنەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەرکەوت کەمتەرخەمی لە دانانی سیستەمی غاز ھەیە و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێ، پانزدە ڕێنمایی دراونەتە ئیدارەی دھۆک و لە دانانی سیستەمی غاز چەندین پێشێلکاری ھەبووە.
هۆشیار فەریق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەکەی تەقینی غاز لە شاری دھۆک ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک لیژنەیەکی کاتیی بۆ بڕیاردان لەسەر سیستەمی غاز پێک ھێناوە، لیژنەکە لە پێنج ئەندام پێک ھاتبوو دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگادا بەدواداچوونی خۆی خستە ڕوو و تێدا ١٥ ڕێنمایی پێشکەش بە ئیدارەی خۆجێی دھۆک کران لەبارەی بەکارھێنانی سیستەمی غاز، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی ھاووڵاتییان لە کاتی بەکارھێنانی سیستەمی غازدا.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "لەسەر چۆنیەتیی بەکارھێنانی غاز ئێمە ئەندازیارێکی تورکمان بانگھێشت کرد، ھەروەھا پسپۆڕێکی کوردی وڵاتی ھوڵەنداش ئامادە بووە تا بە شێوەیەکی زانستی بزانین چۆن غاز بەکار دێت بێ ئەوەی کارەساتی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان دروست بکات".
هۆشیار فەریق ڕوونی کردەوە: "ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئێمە دەرکەوت کەمتەرخەمیی زۆر گەورە کراوە لە دانانی سیستەمی غازی ئێل پی جی لە دھۆک، بۆ نموونە خەڵکی زۆر ناشارەزا سیستەمی غازیان داناوە، کۆمپانیا ھەیە بێ ئەوەی ھیچ مۆڵەتێکی ھەبێت کاری لە دانانی سیستەمی غاز کردووە، ھاوکات تانکیی غاز ھەبووە بە ھیچ شێوەیەک نابێت بۆ غاز بەکار بێت، کەچی بۆیاغیان کردووە و بەکاریان ھێناوە، بۆیە ئێمە ھەموو ڕێنمایی و تێبینیی خۆمان داوەتە حکوومەت".
قائید میرۆ




