٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ پێویستە حکوومەتی عێراق ھەنگاوی کرداری بنێت

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- سەرۆکی پێشووی نووسینگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە خانەقین گوتی، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاری دابوو لە ماوەی مانگێک لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەنراوە، بۆیە گەر حکوومەتی عێراق جدی بێت پێویستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.

عەدنان دەلۆ، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق بڕیاری دابوو لە ماوەی مانگێک لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکاتەوە، بەڵام مانگێک تێپەربووە و تا ئێستاش ھیچ ھەنگاوی بۆ نەنراوە، چونکە حکوومەتی عێراق نیەتی بەرامبەر بە کورد باش نیە و رێککەوتن کراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، لەبەر ئەوەی پێشتریش رێککەوتنیان کردووە و جێبەجێ نەکرا، بۆیە تا ئێستا ئەو لیژنەیە وەکو خۆی ماوە و کارا نەکراوەتەوە".

عەدنان دەلۆ گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی عێراق ھەنگاوی کرداری بنێت بۆ ئەوەی لیژنەکە کارا بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەرکی ئەوانە کە بڕیاریان داوە جێبەجێشی بکەن، بۆیە من بەو شێوەیە گەشبین نیم کە حکوومەتی عێراق ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات".

دەلۆ باسی لەوەشکرد: "ئەگەر نیەتی ئەوان باش بووایە پێویست بوو چوارچێوەی ھەماھەنگی بێنە ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت جێبەجێ بکرێت بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمەریکا و یوئێن".

سەرۆکی پێشووی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە خانەقین ڕوونیشیکردەوە: "چارەسەری ماددەی ١٤٠ پێویستی بەکردار ھەیە و ئەوانیش تەنھا لەکاتی پێکھێنانی حکوومەت بەڵێن دەدەن و دواتریش ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە، چونکە لیژنەکە کارا نەکراوەتەوە و ئەوەی ھەشە ھیچ دەسەڵاتێکی نیە، بۆیە پێویستە ئەگەر جدی بن ھەنگاوی کرداری بنرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار