شێروان حەیدەری: بڕیاری دادگای فیدراڵی گورزێک بوو لە پرۆسەی سیاسی عێراقی دا

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەوەی دادگای فیدراڵی دەیکات دۆخەکە ئاڵۆز دەکات نەک چارەسەر، چونکە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، ئەوان دێن بەو بڕیارە دۆخەکە تێكدەدەن.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەرلەمانتارێکی عێراقی سەر بە کوتلەکەی قەیس خەزعەلی سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی دژی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، ئەوانە بەردەوام دەبن لەو کارانەی دژی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ مەرامی سیاسییە و ئەوە یەکلایی بۆتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا کردووە کە بابەتی نەوت و غاز باس نەکرێت تاوەکو یاسای نەوت و غاز دەردەچێت و ئێستا دادگای فیدراڵی دێت بڕیارێک دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکات کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەریکردووە، بەو کارانە دادگای فیدراڵی خەریکە شوێنی حکوومەت و پەرلەمان دەگرێتەوە و خۆی کردووە بە ھەموو شتێک، کە یەکێک لە بنەماکانی دادگای فیدراڵی پێویستە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات بێت".
شێروان حەیدەری گوتیشی: "دادگای فیدراڵی دەزانێت رێککەوتن ھەیە و دۆخی سیاسیی چۆنە و کەشوھەوایەکی باش و ئیجابی ھاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بێت، دادگای فیدراڵی دێت ئەو جۆرە بڕیارانە دەدات، بۆیە دادگای فیدراڵی دۆخەکە ئاڵۆز دەکات نەک چارەسەر، ئەوەش گورزێک بوو لە پرۆسەی سیاسی عێراق درا ".
بڵند ئیبراھیم




