٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆ بوونەوە، دوای کۆبوونەوەش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید باسی لەوە کرد، کە لارییان نییە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئیجابی بوو و لەگەڵ ئەوەداین ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

هەر لەم بارەیەوە، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەگەر پەرلەمانی کوردستان پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن یەکلایی بکاتەوە، ئێمە بەئاسانی دەتوانین ئامادەکارییەکان تەواو بکەین و لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.''

هندرێن محەمەد ساڵح، بۆ ماڵپەرێ فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەگەر پەرلەمانی کوردستان پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن یەکلایی بکاتەوە، زۆر گرنگە و پێشوازیی لێ دەکەین، چونکە پەرلەمان دەتوانێت کۆمسیۆن کارا بکاتەوە، یاخود کۆمسیۆنێکی نوێ هەڵبژێرن، بۆ هەردوو هەنگاویش پێویستی بە هەمان ڕێکار هەیە، لەبەر ئەوەی دوو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران نەماون، بۆیە بەپێی یاسای کۆمسیۆنی ژمارە 4ی ساڵی 2014 پێویستە پەرلەمان لیژنەیەکی تایبەتمەند دروست بکات و سیڤی لە خەڵک وەربگریت و ماوەیەکی بۆ دیاری بکات و دواتر ناوەکان ڕابگەیەنێت، ئینجا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، بۆیە پەرلەمان بۆ دوو ئەندام بێت، یاخود هەر نۆ ئەندامەکە، پێویستە ڕێکار بگرێتە بەر، چونکە کۆمسیۆن تەواو نییە و دوو ئەندامی کەمە.''

ساڵح ڕوونیشی کردەوە: ''گرنگە پەلە بکرێت، کێشەی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت و کۆمسیۆن هەبێت دەست بە ئامادەکاری دەکەن، بەڵام ئەگەر بە بایۆمەتری بێت کاتی پێویستە، بە لایەنی کەم ئەگەر عێراق هاوکارمان بێت هەشت مانگمان پێویستە، بەڵام ئەگەر بە شێوەی سیستەمی دەستی بێت، شەش مانگمان پێویستە، بۆیە گرنگە ئێستا دەست بە ڕێکارەکان بکەن کە هێشتا کات ماوە و دەتوانن ئامادەکاری تەواو بکەن و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار