لە مانگی نیسانی داهاتوو مووچەی خانەنشینان دەکرێتە کارت

هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بکرێتە کارت و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانیش دەڵێ، لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست بە پرۆسەکە دەکرێت.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بکرێتە کارت و بە شێوەی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگانە بەسەر گشت خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت، ئەوەش لەپێناو باشترکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان.''
بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان دەشڵێت: "دروستکردنی کارت بۆ خانەنشینان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست پێ دەکات و ئامادەکارییش کراوە بۆ چوونیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان.''
مەولوود سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پرۆسەی ڕێکخستنی مووچەی خانەنشینان یەکێکە لە خاڵەکانی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و بڕیار بوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی کردنەوەی بانکی نیشتمانی دوا خرا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ.''
قائید میرۆ




