٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆزگوون کاپڵان بۆ KDP: سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی خەتی خێر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

‎باکووری کوردستان-KDP.info- دۆزگوون کاپڵان، سەرۆکی گشتیی ماف و ئازادیان (هاکپار) لە باکووری کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا رایدەگەیەنێت، هەموو پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە و هەموو پارتەکانی ئەو پارچانە بەرپرسیارن لە هەموو کار و خەباتێکی سیاسی و ئابووری و شارستانی. دەشڵێ، ئێستا وڵاتان وەک دەوڵەت مەمەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەن.

‎دۆزگوون کاپڵان ئاماژەی دا، ئێستا هەولێر ناوەندێکی سیاسی و دیپلۆماسییە بۆ هەموو جیهان و بە تایبەت بۆ کوردان، کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە بۆ هەموو تاکێکی کورد لە هەموو جیهاندا و وڵاتانی جیهانیش وەک دەوڵەت هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمدا دەکەن.

بۆچوونی سەرۆکی گشتیی ‎ماف و ئازادیان (هاکپار) لە باکووری کوردستان ئەوەیە، ئێستا کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بوون، پارچەیەک ئازادە و ئەوانەی دیکەش ژێردەستن، ئێستا یەکێتیی کوردان لە ئارادا نییە، چونکە بە یەکێتی دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین، دەبێت ئەو قەوارەیەی ئێستا کوردان هەیانە لە هەرێمی کوردستان، وەک بیلبیلەی چاوی خۆمان بپارێزین.

‎دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا، کاپڵان گوتی: "سەرۆک بارزانی هەموو ژیان و کار و خەباتی خۆی بۆ کوردستان تەرخان کرد و ڕۆڵیکی گەورە و گرنگ دەبینێت، ئێستا دوو خەت لە کوردستان هەن، خەتی خێر و خەتی شەڕ، کە بێگومان سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی خەتی خێر دەکات، ئێمە ڕۆڵی جەنابیان بە گەورە و گرنگ دەبینین لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، ئێستا بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی سەرۆک بارزانییە".

دەشڵێ: "ئێستا هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وڵاتان بە قەوارەیەکی گەورە و گرنگی ناوچەکە وەسف دەکرێت، دەبێت بۆ ئەمەش هەرێمی کوردستان ریفۆرم لە هەموو بوارەکانیدا بکات، لەوانەش یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە ئەمانە دەبنە نموونەی دیموکراسی و وڵاتێکی مۆدێرن، بەڕێوەبردن و پەرلەمان و دادگا نیشانەی جوانیی کۆمەڵگایەکی دیموکراتن و دەبێت هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگییان پێ بدات".

 

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار