لەنێو پرۆژەی بەجینۆسایدناساندا دەبێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

شنگال -KDP.info- جیگری سەرۆکی ناوەندی شێورمەندی ئێزدییان لە ئەڵمانیا دەڵیت، زۆر خاڵی باش لە بەرژەوەندیی ئێزدییان لەنێو پرۆژەی بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییاندا بوون کە لە ئەڵمانیا دانی پێدا نرا، لەوانە جیبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەیان و وەدەرنانی هێزە نایاساییەکان.
د. عیرفان ئۆرتاج، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: '' لە مانگی ٦-وە کار لەسەر پرۆژەی نووسینەوەی ڕەشنووسی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کرا، ئەو ڕەشنووسەی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەرەتا زۆر کەمووکووڕیی هەبوو و بە دڵی ئێزدییان نەبوو، مەرج و خواستی شنگالییەکان لە نێویدا نەبوو، لەنێو پرۆسەکەدا ئیمە بەشێک بووین و پسپۆڕی بیانییش هاتنە نێو پرۆسەکە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە پرۆسەی بەجینۆسایدناساندندا هەبێت، هەموو بیر و بۆچۆنەکان لە یەک ڕەشنووسدا نووسران و زۆر خاڵی باش لە بەرژەوەندیی ئێزدییاندا جێبەجێ کران، ئەو خاڵانەی جیبەجێ کران بە ڕازیبوونی سەرۆکهۆزەکانی شنگال بوون، نوینەری زۆرینەی هۆزەکانی شنگال لەگەڵ هەرچوار پارتە سەرەکییەکەی ئەڵمانیا کۆ بوونەوە. ئەوان داواکاریی شنگالیان ئاراستەی نوێنەری هەرچوار پارتە سەرەکییەکەی ئەڵمانیایا کرد. شنگالییەکان خاڵ بە خاڵی خواستەکانی خۆیان داوا کرد کە بەشێک لە خاڵەکان بریتی بوون لە دەرکەوتنی میلیشییاکان لە شنگال و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.''
گوتیشی: ''لە پرۆژەکەدا ئەوەش هاتووە کە خەڵک بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەگەر هاوکاری بکرێن، یاخود نا، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و هەر کەسێ دژی ئەمانە بوەستێت دژی بەرژوەندیی شنگالییەکانە.''
''دامەزراندنی سەنتەرێکی بەڵگەکان بۆ بەدیکیۆمێنتکردنیان و کردنەوەی بەشی ئێزدیناسی لە زانکۆدا و لەسەر پرسی ئێزدییان گۆڤار و پەرتووک بنووسرێن و لە هەموو ئەڵمانیادا بڵاو بکرینەوە، ئەمانە بەشێک بوون لە خاڵەکانی پرۆژەی بەجینۆسایدناساندن.'' ئۆرتاج وای گوت.
کــاروان بـــاعەدری




