سبەی پەرلەمان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی دووشەممە دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆ ببنەوە، ئەندامێکی لیژنەی یاساییش دەڵێ، کۆبوونەوەکە سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.
سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژادنەکان کۆ دەبنەوە، مەبەستیش گەیشتنە بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی کۆمسیۆن، چونکە یەکەم ھەنگاو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانە".
ئەندامەکەی لیژنەی یاساییش گوتی: "کۆبوونەوەی سبەی سەرەتایەکی باشە، جگە لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش کە ئێستا ڕاگیراون".
سارا دڵشاد ڕوونی کردەوە: "ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەی بگەنە ڕێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەوە پەرلەمان ئامادەیە بە یاسا کۆمسیۆن کارا بکاتەوە و دەست بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.''
قائید میرۆ




