٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی ھاوبەشی هەردوو باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە هه‌ردوو باڵوێزی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق ده‌كات و هه‌ردوو باڵوێز ڕایانگه‌یاند بەلای ھەردوو وڵاتەوە، سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و به‌رده‌وامیی پاڵپشتی و هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ڕۆژی یەکشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و بەڕێز مارتین بێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی ھەردوو وڵات ئەوەیان خستەڕوو کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتر بایەخ بە بابەتە نێودەوڵەتیە گرنگەکان دەدەن بە تایبەت بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەلای ھەردوو وڵاتیشەوە سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، هەروەها ئەوەشیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە نیازی ئەوەن سەنتەرێکی ھاوبەشی کولتووری لە قەڵای ھەولێر دابمەزرێنن، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و زانستی و میللیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بە ھەماھەنگی و ھاوبەشی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەمەڕ بابەتە نێودەوڵەتییەکان و بە بابەتێکی گرنگ و کاریگەری لەقەڵەم دا، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ بڕیاری پارلەمانی ئەڵمانیا ھەبوو لە بە جینوسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی شنگال و بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی زانی.

داواشی کرد لە پێناو بەدیھاتنی دادپەروەری و ساڕێژکردنەوەی برینی خوشک و برایانی ئێزیدی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری ھاوشێوە بدەن.

ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دواپێشھاتەکانی ناو پڕوسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کرا و پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدرالی عێراق شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەو کەشە ئیجابییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئارادایە و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و شاندی میوان ئەوەیان دووپاتکردەوە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو دیدارەدا بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار