٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەجیاتی هاوردە، لە هەرێمی کوردستان بنەتۆو بەرهەم دێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بەهۆی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکال دەدات و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو کەرتە لە گەشەسەندندایە و ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە چاندنی گەنمەشامی کردووە و بنەتۆویش لە دەرەوە بە نرخێکی گران هاوردە دەکەن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی یۆنانی بنەتۆوی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و سەرکەوتنیشی بەدەست هێناوە.

بەشار موشیر ئاغا، جووتیاری نموونەیی و خاوەنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنمەشامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کەرتی کشتوکاڵ کردووە و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی تایبەت بەو کەرتە دەدات و لەم چەند ساڵەی دواییشدا خەڵک زۆر ڕوویان لە چاندنی بەرهەمی گەنمەشامی کردووە، بەڵام بنەتۆوەکەی بە نرخێکی زۆر لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بۆیە ئێمەش بیرمان لەوە کردەوە کە بنەتۆو لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بێت لە دەشتی ناوکور لە سنووری قەزای بەردەڕەش.''

بەشار موشیر ئاغا گوتیشی: ''لەگەڵ کۆمپانیایەکی یۆنانی دەستمان کردووە بە بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنمەشامی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 200 دۆنممان وەکوو تێست تاقی کردووەتەوە کە ئەندازیارانی یۆنانی و خۆماڵی سەرپەرشتیارییان کردووە و سەرکەوتوو بووین و ئەنجامێکی باشی بەدەست هێناوە.''

ئاغا باسی لەوەش کرد: ''بەرهەمەکە بە جۆرێک کوالێتیەکەی باشە کە جیاوازیی لەگەڵ ئەو بنەتۆوە نییە کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە ناوخۆ بنەتۆو بەرهەم بێنین، لەجیاتی ئەوەی هاوردە بکرێت بە نرخێکی گران.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار