مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر نێروه‌یی: بەداخەوە تا ئێستاش هیچ بەرچاوڕوونییەک بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نییە

هەولێر-KDP.info- به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم نیگه‌رانن له سستیی جێبه‌جێكردنی ڕێكکه‌وتنی شنگال و پشتگوێخستنی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه له‌لایه‌ن حکوومەتی ناوەندیی عێراق و پێیان وایه كه حكوومه‌تی فیدراڵی نەیتوانیوە نیازپاکی نیشان بدات بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ناله‌باری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی زه‌قی ده‌ستووره.
مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''بەرپرسایەتیی هەموو ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی له ناوچانە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ڕوو ده‌ده‌ن لە ئەستۆی حکوومەتی ناوەندیدایە، هه‌ر لە بۆشاییی ئەمنی، هەڕەشەکردن و دەرکردنی کورد لەو ناوچانە، تەعریبکردن، داگیرکردنی زەویی کورد، ئەمە بەدەر لەوەی ئەو ناوچانە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، بە تەواوەتی پشتگوێ خراون، بوونی سوپا و هێزەکانی میلیشیا لەناو شارەکانی ئەو ناوچانە، ئاستەنگی هەرە گەورەن بۆ پڕۆسەی ئاسایی‌کردنی ئەو ناوچانە و پێشێلکردنی دەستوور و سەروەریی یاسا، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەندی و بە سەرپەڕشتیی UN، ئۆمێدێکی دروست کرد کە ئەو ڕێککەوتنە ببێتە بناغەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو دەڤەرە و ببێتە نموونە و هەنگاوێکی باش بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی تر، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (27) مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا، هێشتا ئەوەی پێویستە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە ئەنجام نەدراوە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێویستە هێزە چەکدارە ناشەرعییەکان و گرووپە میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن، قائیمقامێک بۆ ئەو قەزایە دابنرێت، ئاسایشی ناو شار بەدەست خەڵکی ئەو قەزایەوه بێت، پڕۆسەی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکان دەست پێ بکات، کە ئەمە دەبووە هۆی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شاره‌كه‌یان کە لە بارۆدووخێکی نالەباردا ژیان دەگوزەرێنن، بەداخەوە کابینە وەزارییەکانی پێشوویی حکوومەتی عێراق، بەردەوام خۆیان لە بابەتی ماددەی ١٤٠ لا داوە و به‌و هۆیه‌شه‌وه ئاسایی‌کردنی ئەو ناوچانە پشتگوێ خراوە و ئه‌مه زۆر به‌ڕوونی پێشێلكردنی ده‌ستووره.''
مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر هه‌روه‌ها گوتی: بەو ئۆمێدەین کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی پێچەوانەی کابینەکانی پێشوو، بە کردەوە بیسەلمێنێت کە نیازی پێشێلکردنی دەستووری نییە و هەوڵی چارەسەرکردنی ڕەوشی ئەو ناوچانە ده‌دا، کە بە بۆچوونی ئێمە، ناوبراو تا ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باشی هەیە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان.''




