مهسروور بارزانی لە رێگەی ئەو کۆڕبەندەوە تێڕوانینی هەرێم بە جیهان دەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، زۆر گرنگە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆسپ و تەگەرەی بەردەم کوردستان لەناو نەخشەی وزەی جیهانیدا تێک بشکێنێت، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
کەمال ئاغا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤوس زۆر گرنگە، کە ئەمساڵ ئەو کۆڕبەندە جیهانییە لە سویسرا دەبەسترێت و سەرکردەکانی جیهان کۆدەبنەوە بە یاوەری و هاوەڵیی دەستەبژێری ئابووری و سیاسەتمەداران، گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئاڵۆزەکانی جیهان دەکەن، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو دەنگ و ڕەنگ و نوێنەری گەلی کوردستان لە داڤۆس بەشدارە.
جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان گوتیشی، ئەمساڵ لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس 130 وڵات بەشدارن، کە لەوانە سەرۆک و پاشا و میری 52 وڵات و 116 سەرمایەداری گەورەی جیهانی و زیاتر لە 2 هەزار و 500 زانا و کەسانی دیاری سیاسی و دیپلۆماسی بەشدارن، کە ئێستا قەیرانێکی گەورە بەرۆکی جیهانی گرتووە و هێشتا کاریگەرییەکانی کۆرۆنا تەواو نەبوون، گرفتی شەری رووسیا و ئۆکرانیاش وەکو هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا دروست کردووە.
ئاغا ڕوونیشی کردەوە، ئەمساڵ لە داڤۆس رووسیا بەشدار نییە و دوور خراوەتەوە، چینیش خۆی بەدوور گرتووە، بۆیە ئەورووپا زۆر پێویستی بەوە هەیە لە داڤۆس بتوانێت کاریگەریی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا لەسەری دوور بکەوێتەوە، کە بێگومان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو کۆڕبەندەدا خەون و ئاواتی میلـلەتێکی هەڵگرتووە، بۆیە لەوێ کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێ، سەرۆکی حکوومەت کار دەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان جێگای بکرێتەوە لەناو نەخشەی هێزی جیهانیدا و پێگەی خۆی هەبێت و بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت سەۆکی حکوومەت لەم کۆڕبەندەدا چەندین کۆسپ و تەگەرەی بەردەم کوردستان لەناو نەخشەی وزەی جیهانیدا تێک بشێکێنت و پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، هەروەها بۆچوون و تێڕوانینی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی ئەو کۆڕبەندەوە بە جیهان دەگەیەنێت، بۆیە بەشداریکدرنیان دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کورد دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




