٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاوار محەمەد: لایەنەکانی دیکە ئامادە نەبوون ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرای کرد، جگە لە پارتی لایەنەکانی دیکە ئامادە نەبوون ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و گوتیشی، پارتی ئێستاش ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و داوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەین.

ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاساییی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی پێشتریش پەیامی داوەتە لایەنەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت پارتی ئامادە بووە لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی یاساییی خۆیدا تەنازۆل لە ھەندێ مافی خۆی بکات، بەڵام ئەوە لایەنەکانی دیکە بوون ئامادە نەبوون ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و بوونە ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.''

بەرپرسەکەی ھەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت: "ئێمە پێشنیارمان کردبوو ئەگەر لایەنەکان ئامادە بن بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەوە پارتی ئامادەیە لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ پۆستەکانی کۆمسیۆن دابەش بکات، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی کۆرسییەکانی پارتی زۆر زیاترە و مافی پارتییە بە گوێرەی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن پشکی لە کۆمسیۆن ھەبێت.''

ھاوار محەمەد ڕوونی کردەوە: "لەسەر ئاستی باڵا و لە کۆبوونەوەی دوینێی مەکتەبی سیاسییش، پارتی ئامادەییی نیشان داوە پەلە بکرێت لە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئامادەی ھەر پێشنیارێکن بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، لەوانەش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر چەند بازنەیەک، ئێستا و ڕابردووش ھەڵوێستی پارتی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانەوە دیار بووە و داوا دەکەین لایەنەکانی دیکەش ھاوشێوەی پارتی ئامادە بن بۆ ھەڵبژاردن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار