٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناخرێن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال گوتی، دوای دەنگۆی داخستنی قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی ساڵی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم هاتووەتە سەر خەت و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق قسەیان کردووە و قوتابخانەکان داناخرێن و پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، میەسەر حەجی ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە گوایە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە دوای کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن سەرجەم قوتابخانەکانی ئاوارەکان دابخەن لە کەمپەکاندا، ئەمەش بووە جێی نیگەرانیی ئاوارەکان، چونکە مەبەستی حکوومەتی عێراق ئەوەیە فشار دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنەکانی خۆیان.''

میەسەر حەجی ساڵح گوتیشی: ''وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەرخەت و پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق کردووە، کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە، یاخود نا پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەمە هەوڵێکی گرنگە، ئەو کێشەیە چارەسەر کرا، چونکە ئاوارەکان جارێ ئامادە نین بگەڕێنەوە.''

ساڵح باسی لەوەش کرد: ''تەنها قوتابخانەی ئاوارەکانی شنگال دەگاتە 100 قوتابخانە و قوتابخانەی ئاوارەکانی دیکەش زۆرن، بۆیە ئەگەر دابخرێن ژمارەیەکی زۆری قوتابی بێبەش دەبن لە خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم هاتووەتە سەر خەت و ئەو کێشەی چارەسەر کردووە.''

گوتیشی: ''وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پشتگیرییەکی ئەو قوتابخانە دەکات.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار