٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ماوەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ بۆ ساڵێک درێژ دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەیان ھەزار ھاووڵاتی بەھۆی نەبوونی کاتی پێویست نەیانتوانی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەشی حکوومەت بکەن و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ بۆ ساڵێک درێژ دەکرێتەوە.

زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داوا لە پەرلەمانی کوردستان کراوە ماوەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ درێژ بکرێتەوە و ھەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش نووسراویان ئاراستەی لیژنەی شارەوانییەکان کردووە، ئێمەیش وەک لیژنەی شارەوانی ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ بۆ ساڵێک درێژ بکرێتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاری لەسەر دەکرێت.''

ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان گوتیشی: "بەھۆی کەمیی ماوەی پێشکەشکردن ھێشتا ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی خاوەن خانووی زێدەڕۆ نەیانتوانیوە مامەڵەکانیان پێشکەش بە یەکە ئیدارییەکان بکەن و ئەوەیش بووەتە ھۆی بێبەشبوونیان.''

زێدان برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای بانگەوازی حکوومەت ژمارەیەکی بەرچاوی مامەڵەی بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش بە فەرمانگەکانی حکوومەت کراون و ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ھەر ھاووڵاتییەک پێشتر مامەڵەی پێشکەش کردبێت، مافی نافەوتێت و خانووەکەی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان تاپۆ دەکرێت.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار