ئیدریس ئیسماعیل: داوا ده‌كه‌ین حکوومەتی تورکیا تاوانی كوشتنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتەکەی ڕوون بكاته‌وه

هه‌ولێر -KDP.info- لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له په‌رله‌مانی كوردستان هێرشی سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێم له باكووری كوردستان به‌توندی مه‌حكووم ده‌كات.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانیی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''ئێمه به ناوی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌توندی تاوانی هێرشكردنه سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له شارۆچكه‌ی نسێبینی سه‌ر به پارێزگای مێردین سه‌ركۆنه ده‌كه‌ین و داوا له حكوومه‌تی توركیا ده‌كه‌ین كه به زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه ده‌ستگیر و ئاشكرا بكات و هۆكاری ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه دژی هاووڵاتییانی ئێمه له وڵاته‌كه‌ی ڕوون بكاته‌وه.''
شایانی باسه، شه‌وی ڕابردوو (18/19ی كانوونی دووه‌م) له‌سه‌ر ڕێگای نسێبینی سه‌ر به پارێزگای مێردین‌ی باكووری كوردستان له توركیا، هێرشێكی چه‌كداری كرایه سه‌ر ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان كه خه‌ڵكی دهۆك بوون و به‌هۆیه‌وه چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و كه‌سێكیش بریندار بوو.
سه‌ڵاح جه‌لال




