وەزیری تەندروستی: بەشەدەرمانی هەرێم لە وادەی خۆیدا دەنێرین
__2023_01_19_h14m11s11__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزیری تەندروستیی حکوومەتی عێراق کۆبوونەتەوە و تێیدا ئامادەیی دەربڕیوە کە بەشەدەرمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا رەوانە بکرێت.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەگەڵ وەزیری تەندروستیی حکوومەتی عێراق ساڵح حەسناوی، کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا لەبارەی هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەشەدەرمانی هەرێمی کوردستان و پێداویستیی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان، داواشمان کرد بەشەدەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ جێگیر بکرێت".
عیسا گوتیشی: "وەزیری تەندروستیی حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕی بۆ ناردنی بەشەدەرمانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و هاوکار دەبێت و پشتگیری لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تەندروستی لە هەرێم دەکات".
بڵند ئیبراهیم




