پارکی شار له هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە و دوو مانگ دادەخرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی باخچە و پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە پارکی شار کە دەکەوێتە سەنتەری پارێزگای هەولێر، نۆژەن بکرێتەوە، بۆیە بۆ ماوەی دوو مانگ دادەخرێت تا نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت.
رێبین ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیار دراوە پارکی شار کە دەکەوێتە ناو سەنتەری پارێزگای هەولێر و تەنیشت قەڵا، نۆژەن بکرێتەوە، کە لە ئەمڕۆوە دەست بە نۆژەنکردنەوە دەکرێت و بۆ ماوەی دوو مانگ پارکەکە دادەخرێت، بۆ ئەوەی خەڵک نەچێتە ناو پارکەکە و تیمەکان کاری نۆژەنکردنەوەی خۆیان بکەن.
ئەحمەد گوتیشی، هەموو پارکێک پێویستی بەوە هەیە 10 ساڵ جارێک نۆژەن بکرێتەوە، بە تایبەت پارکی شار کە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، کە نۆژەنکردنەوەکەش بە شێوەیەکی سەردەمیانە دەبێت و ئەو شوێنانەی تێکچوون نۆژەن دەکرێنەوە و جوانکاریش دەکرێت، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە و رێکوپێک ئەو پارکە نۆژەن دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتیان.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، کاتە یاساییەکەی سێ مانگ دانراوە بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام بە دوو مانگ تەواو دەکرێت و بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




