کۆمسیۆن: گەر پەرلەمان دوو پرس یەکلا بکاتەوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، پێویستە پەرلەمان لەو ماوەیەدا دوو هەنگاو بنێت، کە بریتین لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، ئەوکات ئێمەش لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەکارییەکان دەکەین و لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
کاروان جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەگەر پەرلەمان دەست بە چارەسەرکردنی پرسەکان بکات، کە پێویستن بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان، ئێمە دەتوانین لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، بۆیە پێویستە پەرلەمان دەست بە رێکارەکان بکات لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین دەست بە کاری خۆمان بکەن و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن ئەنجام بدەین".
جەلال گوتیشی: "یەکەم شت کە پێویستە پەرلەمان ئەنجامی بدات، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییە و دووەمیش هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، کە پێویستە لەو ماوەیەدا کارەکان ئەنجام بدات، چونکە ئێمەش شەش مانگمان پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی خۆمان تەواو بکەین، لەبەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە، بۆیە گرنگە لەو ماوەیەدا پەرلەمان ئەو دوو هەنگاوە بنێت، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".
بڵند ئیبراهیم




