د. دیندار زێباری: ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید بووەتە ئەرکێکی مرۆیی

دهۆک-KDP.info- ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. دیندار زێباری، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کاروان باعەدریـ)دا چەندین زانیاریی نوێ دەربارەی تاوانەکانی داعش و پرسی ئێزدییان ئاشکرا دەکات.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا پرسی ناساندنی تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییان و پێکهاتەکانی دیکە وەک جینۆساید لە چ قۆناغێکدایە؟
د. دیندار زێباری: ئێستا ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید بووەتە ئەرکێکی مرۆیی، ئەم ناساندنە بووەتە ئەرکی هاوبەشی نێودەوڵەتی و عێراقی و کوردستانی، یۆنیتاد تیمێکی نێودەوڵەتییە، ئەم تیمە لە عێراقدا سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکان دەکات و کەیسەکان ئامادە دەکات و ڕەوانەی دادگاکانیان دەکات، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت ئەو دادگایانە نیشتمانی بن، بۆ ئەم پرسەش هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دادگایانە، بەڵام عێراق ئامادە نییە بۆ ئەم پرسە و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.''
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: چۆن دەڕواننە ئەدای نێودەوڵەتی بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندن و وڵاتان و هەرێمی کوردستان چ هاوکارییەکیان کردووە؟
د. دیندار زێباری: ئێستا لیستێک لەو داعشە بیانیانە ئامادەیە و زیاتر لە ٢ هەزار کەسن کە تاوانبارن و دەبێت دەستگیر بکرێن و بکەونە بەر سزای نێودەوڵەتی، ١٥٠ کەسیان نێودەوڵەتین، تیمی نێودەوڵەتی ئەو کارە دەکات، ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، چونکە ناساندنی تاوانەکانی داعش بەتەنیا ناکرێت، گەشبینین بە کاری نێودەوڵەتی و لە داهاتوودا کاری گەورە دەبێت و سوود لە دیکیومێنت دەبێنن و هەرێمی کوردستان هەزاران دیکیومێنتیان پێشکەشی تیمی نێودەوڵەتیی یۆنیتاد کردووە، هەموو دەرگاکانی هەرێمی کوردستان کراوەیە بۆ دانی زانیارییەکان بە تیمی یۆنیتاد و هەرێمی کوردستان خاوەن ئەرشیڤێکی گەورەیە لەگەڵ یۆنیتاد و لەسەر کەیسەکانیش هاوکارییەکی گەورەی یۆنیتاد دەکەین، دوو ئۆفیسی سەرەکیمان لە هەوڵیر و دهۆک داناون و بە هەزاران مەلەفمان پێشکێشی یۆنیتاد کردوون بۆ ئەوەی سوود لەو مەلەفانە ببینن و داعش دادگایی بکەن، هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە و بەردەوامیش دەبێت.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هەرێمی کوردستان ئامادەییی خۆی دەربڕیوە بۆ دادگاییکردنی داعشەکان؟
د. دیندار زێباری: ئێمە بە یاسای دژەتیرۆری ساڵی ٢٠٠٦ سەدان داعشمان دادگایی کردووە، لەوانە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١٥٠ داعش و ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٢٠ داعش و ئێستاش بەردەوامین لە دادگاییکردنیان و دادگای هەولیر٢ ئەم بەرپرسیاریەتییەی هەڵگرتووە و بەردەوامین لە دادگاییکردنیان و مەترسیی هەبێت، یان نا، ئێمە خۆمان بەرپرسیار دەبینین لەسەر ئەو جینۆسایدەی داعش بەرانبەر گەلی کوردستان کردی، بەتایبەت لەسەر خوشک و برا ئێزدییەکانمان، ئێمە هیچ مەترسییەکمان نییە لەسەر دادگاییکردنی ئەم کەسانە و بێمنەتین لەم دادگاییکردنە، ئەمەش یەکێک لەو تەحەدیاتانەیە کە هەرێمی کوردستان لەسەر خۆی قبووڵ دەکات دەنگ و ڕەنگی خەڵکی خۆمان بگەیەنینە دنیایی دەرەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: بڕیارێک لە حکوومەتی عێراق دەرچوو بۆ داخستنی کەمپەکان، ئایا کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟
د. دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکی بۆ کەمپەکان نەداوە و بڕیاریش نادات، داخستنی کەمپەکان بە زۆرەملێ نییە و هیچ کەمپێک داناخەین، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەیە لە هەرێمی کوردستان و ٩ کەمپ تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆکن. سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی تەواو مرۆییە، ئێمە لەگەڵ هیچ بڕیارێکی داخستندا نین، خەڵک ئازادن لە کۆێ بژین و ژیانی خۆیان هەڵدەبژێرن.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێوە کێشەی شنگال چۆن دەبینن؟
د. دیندار زێباری: کێشەی شنگال کێشەیەکی سیاسی و ئەمنییە، کێشەیەکە بەهۆی گرووپی چەکداری ناشەرعییەوە پەیدا بووە، ئەمە کێشەی حکوومەتی عێراقە کە وەکوو پێویست دەسەڵاتی لەو ناوچەیەدا نییە، حکوومەتی عێراق وەک پێویست شنگالی کۆنترۆڵ نەکردووە.




