د. محەمەد بۆ KDP: ئیدارە سەربەخۆکان دەبنە خاوەن نەخشەی وەبەرھێنان

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان، ئیدارە سەربەخۆکانی راسپارد بۆ ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرھێنان و دەشڵێ: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوامان کردووە ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران بکرێت".
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەبەرھێنان لە ئیدارە سەربەخۆکان کۆبووینەوە، راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتمان گەیاندە بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی و ناوخۆ بکرێت، تا کاری زیاتر ئەنجام بدرێت، ئامانجی وەبەرھێنانیش زیادکردنی وەبەرھێنان بێت لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا".
سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەشڵێت: "پێویستە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان نەخشەی وەبەرھێنان بۆ سنووری خۆیان ئامادە بکەن، بەرپرسانی وەبەرھێنانیشمان راسپاردووە بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی مامەڵەی وەبەرھێنەران لە ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، تا ئاسانکارییان بۆ بکرێت و مامەڵەکانیان دوا نەکەون".
شوکری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، گرینگیی زیاتر بە کەرتی وەبەرھێنان بدرێت و بەپێی یاسا و رێنماییەکان ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرھێنەران بکرێت، تا زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ بکرێن.
قائید میرۆ




