٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاکسیۆنی پارتی: وەزیری بازرگانی رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکانمان داوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لەسەر داواکاریی فڕاکسیۆنی پارتی، وەزیری بازرگانیی عێراق بڕیاری دا پارەی جووتیارانی ھەرێم و شایستەی فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی خەرج بکرێن و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، چەندین داواکاریی دیکەی فڕاکسیۆنی پارتی جێبەجێ دەکرێن.

خالید رێکانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "شاندێکی فڕاکسیۆنی پارتی بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقی کردووە و چەندین کێشەی گەیاندووەتە وەزیری بازرگانی بۆ جێبەجێکردنیان، وەزیری بازرگانیی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی فراکسیۆنی پارتی نیشان داوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "داواکاریی ئێمە لە وەزیری بازرگانی ئەوە بوو، پارەی جووتیارانی ھەرێم خەرج بکرێت، ئەویش بەڵێنی پێداین لە هەفتەی داھاتووەوە پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت ئەگەر ھەمووشی بەسەر یەکەوە نەگات، ئەوا بە چەند قۆناغێک خەرج دەکرێت".

رێکانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "وەزیری بازرگانی رەزامەندیی لەسەر ناردنی بەشەخۆراکی دوو مانگی ھاووڵاتیانی ھەرێم نیشان داوە کە ھی ساڵی رابردووە و عێراق وەریگرتووە تەنیا ھەرێم وەری نەگرتووە، ھەروەھا رەزامەندی نیشان داوە بۆ ئەوەی گەنمی ھاوردە لەگەڵ گەنمی ناوخۆی ھەرێم تێکەڵ بکرێت بۆ بەرھەمھێنانی بەشە ئاردی مانگانە، داواکارییەکی دیکەشمان ئەوە بوو، شایستەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم ئەوانەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقن، خەرج بکرێت و ئەویش جێبەجێ دەکرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار