فراکسیۆنی سەردەم: پێویستە پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی هەردوو پرسی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە و کات کەم ماوە و پێویستە پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، تاکوو هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت، چونکە بەو کارە دوو ئامانج دەپێکێت، هەم پرۆسەی سیاسی کارا دەبێت و هەم خەڵک ئاسودە دەبێت.
باپیر کامەلا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە بەهۆی ئەوەی هیچ کۆبوونەوەیەک بەڕێوە نابات و ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە کارنامە دابنێت و ئێستاش بەهۆی ئەوەی وەرزی پشوودانانە بەرنامەی کارا دانەنراوە، چونکە لایەنە سیاسییەکان تەبا نین لەسەر یاساکان، بەتایبەت یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بۆیە پێویستە پێش ئەوەی پەرلەمان کۆ بێتەوە، ڕێککەوتن بکرێت.''
باپیر کامەلا گوتیشی: ''سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان بۆ ساڵێک تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هەنگاو بۆ هەڵبژاردن نەنراوە کە پەرلەمان و لایەنەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکەن، بۆیە گرنگە هەنگاوی کردەیی بنرێت و کۆمسیۆن کارا بکرێت و لەسەر یاسا بگەنە ڕێککەوتن، یاخود بەو یاسایەی ئێستا کار بکرێت، بۆیە ئەوە بۆتە گرفت لە بەردەم پرۆسەی سیاسی.''
کامەلا ڕوونیشی کردەوە: ''پەرلەمان ئەگەر وەکوو عورف بتوانێت تەمەنی خۆی زیاتریش درێژ بکاتەوە، بەڵام کەموکووڕییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی نێودەوڵەتی و دیموکراسی و پەککەوتنی پرۆسەی دیموکراسی، بۆیە پێویستە لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و وەکوو عێراق نییە .''
گوتیشی: ''ئەگەر پەلە بکرێت لە هەڵبژاردن، دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەم پرۆسەی سیاسی کارا دەبێت و دووەم گەلی کوردستان ئاسوودە دەبێت، کە لە دڵەڕاوکێدایە و دۆستانیشمان لەسەر ئەو گرفتانە نیگەرانن، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت و ئەو گرفتانەی هەن چارەسەر بکرێن و تەبایی لە هەرێمی کوردستان بێتە دی و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.''
بڵند ئیبراهیم




