"ماستەرپلانی نوێ بۆ سۆران ئامادە دەکرێت"

سۆران -KDP.info- بڕیارە ماستەرپلانی نوێ بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادە بکرێت و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەکەش دەڵێ، لەپێناو چارەسەرکردنی ھەندێ کێشەی سۆران ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارە سەردانی وەزیری شارەوانیی کردووە.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەردانی وەزارەتی شارەوانیی کردووە و لەگەڵ وەزیری شارەوانی کۆ بووەتەوە لەبارەی چەند گرفتێکی بواری شارەوانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەوانەش چارەسەرکردنی کێشەی کۆکردنەوەی زبل و خاشاک و زەویی سندووقی لە ئیدارەی سۆران.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ھەموو دەسەڵاتەکانی داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانی لە ئیدارەی سۆران بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان.''
ھەژار حەکیم گوتیشی: "بڕیارە ماستەرپلانی سۆران ھەموار بکرێتەوە بە شێوازێک لەگەڵ فراوانبوونی سۆران بگونجێت و سۆرانێکی نوێ بنیات بنرێت، بەتایبەتی دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ، سۆران بەرەو شارێکی گەورەتر ھەنگاو دەنێت و پڕۆژەی زیاتری تێدا جێبەجێ دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا ماستەرپلانی نوێ ئامادە دەکرێت.''
قائید میرۆ




