٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خدر مەنتک ئاماده‌كاریه‌كانی فڕاکسیۆنی پارتی بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و ئەندامێکی فڕاکسیۆنەکەش دەڵێ، کۆبوونەوەکە بۆ خۆئامادەکردنە بۆ وەرزی نوێی پەرلەمان و ئەو پڕۆژانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. دەشڵێ، ھەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنیا ماوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

خدر مەنتک، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا کۆبووەوە و چەندین تەوەر تێیدا باسیان لێوە کرا، لەوانەش خۆئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمان، چونکە پێش ھەر کۆبوونەوەیەک ئێمە کۆبوونەوەی  فڕاکسیۆن بەڕێوە دەبەین و تێیدا ئەو پڕۆژانەی دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "لە ژێر رۆشنایی ھەردوو سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، فڕاکسیۆنی پارتی ئامادەکاریی کردووە، کە چەندین پڕۆژەیاسا دێنە پەرلەمان و پێشتر ھەرێم و بەغدا لەسەریان رێککەوتوون تەنیا ماوە لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بە تایبەتیش پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق".

مەنتک روونیشی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتی داھاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکرێت و ئێمەش وەک گەورەترین فڕاکسیۆنی پەرلەمانی بەرگری لە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنەی لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لەناو بودجەدا کراوە، جێگیر بکرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار