٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژکاری سەرۆکی هەرێم: پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێم بەهێزتر دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاتنی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیری و بەردەوامیی هاوپەیمانێتییە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، تا زیاتر پەرە بە پەیوەندیەکانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە ئامانجی ئەوان سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە.

زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هاتنی برێت مەکگۆرک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بۆ هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگە و مەبەست لەو سەردانە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بوو، کە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و زیاتر بەهێز دەکرێن و هاوپەیمانیی ئەمەریکا و وڵاتانی زلهێزیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، هەر بۆیەش کە سەردان دەکەن واتا پەیوەندییەکانیش بەردەوام دەبن، کە باس لە کۆمەڵێک پرسی گەرموگوڕی  سەر گۆڕەپانی سیاسی کرا و هەردوولا لەسەر زۆر پرسی هەنووکەیی هاوڕا بوون، کە پەیوەندی بە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەرێمایەتییەوە هەیە.

راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەو سەردانە هاندانێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر سەقامگیر بێت و ئامانجی ئەوانیش سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پشتگیری ئەمەریکاشیان بۆ هەرێم دووپات کردەوە لەسەر ئەو بنەمایەی، هەرێم و ئەمەریکا رێککەوتنیان لەسەر کردووە، بۆیە هیوایان خواست کە هەرێم هەمیشە سەقامگیر بێت و پێکەوەژیانیش بەردەوام بێت.

کەمال ڕوونیشی کردەوە، ئەوان لە ڕووی کردارییەوە دەست لە کاروباری هەرێم وەرنادەن، بەڵام هیواخوازن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەبایی هەبێت و لەسەر بنەمای هاوبەش کار بکەن و هەر گرفتێکیش هەبێت، چارەسەری بکەن.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار