"پارتی ھەڵوێستێکی نوێی لە بەغدا وەرگرت"

بەغدا -KDP.info- تەنیا سەرۆکایەتیی چوار لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ کورد دیاری کراون و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، ھەڵوێستمان دەبێت ئەگەر سەرۆکایەتیی پێنج لیژنە بۆ کورد دیاری نەکرێت و دەنگ بە ئەندامانی نوێی پەرلەمانی عێراق نادەین.
د. نەھلە قادر ئەفەندی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پەرلەمانتارە نوێیەکان بدات، بەڵام بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کارنامەی کۆبوونەوە ئەو بڕگەیە لادرا و بڕیارە سبەی پەرلەمانتارانی نوێ دەستبەکار بن، بە مەرجێک ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق بکرێت، چونکە ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دەنگ لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە نادەین ئەگەر کێشەی لیژنەکان چارەسەر نەکرێت.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "چوار لیژنەی پەرلەمانی بۆ کورد دیاری کراون و ٦٢ پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراقدا ھەن، بەڵام ئێمە داوای سەرۆکایەتیی پێنج لیژنەمان کردووە، لەوانەش لیژنەی سیادیی تێدا بێت.''
د. نەھلە قادر ئەفەندی ڕوونی کردەوە: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە ماڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، دەکرێت، ئەگەر گەیشتنە ڕێککەوتن، سبەی ئێمە دەنگ لەسەر ئەندامانی نوێی پەرلەمان دەدەین، بەپێچەوانەوە ئامادە نین دەنگ بدەین ئەگەر تەنیا سەرۆکایەتیی چوار لیژنە بۆ کورد دیاری بکرێت، لەبەر ئەوەی مافی ئێمە زیاترە و دەستبەرداری نابین.''
قائید میرۆ




