بڕیاردەری لیژنەی دارایی: پێویستە یەک سەرچاوەی کۆکردنەوەی داھات ھەبێت
__2023_01_16_h17m38s31__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ھەنگاوی باش نراون بۆ یەکخستن و کۆکردنەوەی داھات و دەشڵێت، پێشتر بەھۆی بەسیستەمنەکردنی داھات، ھەرێم توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەبوو، ئێستا بەپێچەوانەوە بەبێ بەغداش ھەرێم مووچە دابین دەکات.
محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی دارایی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و شاندی ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و شاندمان ڕەوانەی ھەموو پارێزگاکان و خاڵە سنوورییەکان کردووە بۆ ئەوەی داھات بە شێوەیەکی دروست کۆ بکرێتەوە و چاودێریی زیاتری لەسەر بێت، تا بۆ مەرامی حزبی داھاتی گشتی بەکار نەھێندرێت، یەک سەرچاوەی کۆکردنەوەی داھات ھەبێت، چونکە تاکە مەرجەعی کۆکردنەوە و دابەشکردنی داھات وەزارەتی دارایییە.''
بڕیاردەری لیژنەی دارایی گوتی: "ھەنگاوی باش نراون لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا بۆ کۆکردنەوەی داھات و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو داھات زۆر زیادی کردووە، بە شێوازێک بۆ دابەشکردنی مووچە حکوومەتی ھەرێم پێویستی بە بەغدا نییە و پشت بە داھاتی ھەرێم دەبەستێت، بەپێچەوانەوە پێشتر بەبێ ناردنی پارە لە بەغداوە ھەرێم توانای دابەشکردنی مووچەی نەبوو، جگە لە مووچەی فەرمانبەران بەو داھاتە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش جێبەجێ دەکرێن.''
محەمەد سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھەموو لایەنەکان کار بۆ جێبەجێکردنی پەیامی دوێنێی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە پێشتر داواکاریی لایەنەکان و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بوو، داھات بە مەرکەزی بکرێت، لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و ھەموو داھاتەکان کۆ بکرێنەوە لە یەک سەرچاوە و بە یەکسانییش دابەش بکرێت.''
قائید میرۆ




