دکتۆر ئەرشەد: کۆڕبەندی ئابووریی داڤوس دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ کۆڕبەندی ئابووریی داڤوس لەژێر ناوونیشانی (هەماهەنگی لە جیهانێکی پەرتەوازەدا) بە بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار و500 سەرکردە و نوێنەری وڵاتان و بازرگان و چاڵاکوان و کەسانی کاریگەر و خاوەن پێگە بەڕێوە دەچێت و تێیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت، شارەزایەکی ئابوورییش دەڵێت، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت لەو کۆڕبەندەدا گرنگیی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕووی ئابووری و ڕاکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان کە بێن لە هەرێم وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئەو کۆڕبەندەکە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان.
دکتۆر ئەرشەد تەها، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و شارەزای ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆڕبەندی ئابووریی داڤوس ساڵانە بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە دوو هەزار و500 سەرکردەی سیاسی و ئابووری تێیدا بەشدارن، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندە زۆر گرنگە کە چاوی بە سەرکردەکانی جیهان بکەوێت و چاویان بە کۆمپانیا گەورە و کاریگەرەکانی جیهانیش دەکەوێت کە بەشدارن لەو کۆڕبەندە، بۆیە دەرفەتێکی زێڕینە هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا جیهانییەکان بناسرێنن کە بێن لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.''
دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: ''جگە لەوەش، شاندی هەرێم دەتوانی سوود لە ئەزموونی کۆمپانیا و پێشکەوتنەکانی بواری ئابووری و وزە وەربگرێت و سەرنجی ئەو کۆمپانیایانە ڕابکێشن و سوودیان لێ وەربگرن کە بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە زۆر گرنگە بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم لەو جۆرە کۆڕبەندانە بۆ ئەوەی بتواندرێت وەبەرهێنەری بیانی بێنە هەرێمی کوردستان و کاری وەبەرهێنان بکەن و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن.''
تەها باسی لەوەش کرد: ''دەتوانرێت سوود لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەربگرین لە بواری غاز و پترۆکیمیا کە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی، چونکە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەهێزیی پێگەکەی لە بواری سیاسی و ئابووری و بوارەکانی دیکە گرنگیی زۆری هەیە و هەرێمێکە لەناوچەکە لەناو ئەو هەموو شەڕە سەقامگیرە کە زۆرینەی وڵاتان دۆخیان زۆر خراپە و هەرێمی کوردستان سەقامگیرە، بۆیە گرنگی هەیە لای وڵاتان بە شێوەیەکی گشتی.''
بڵند ئیبراهیم




