پارێزگاری دھۆک: دەیان پڕۆژە لە ڕۆژانی داھاتوو دەکەونە واری جێبەجێکردن

دهۆک -KDP.info- ئەمڕۆ لە سنووری قەزای شێخان بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دانرا و پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، دەیان پڕۆژەی دیکە لە ڕۆژانی داھاتوودا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤاوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری قەزای شێخان دانرا و جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەش کۆتایییان ھاتووە، پڕۆژەکان ھەموو ناحیەکانی سنووری قەزای شێخان لەخۆ دەگرێت و لە ڕێگاوبان و قوتابخانە و کارەبا و ئاو پێک ھاتوون، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژە بۆ قەزای شێخان دابین کراون، تەنیا ئەمڕۆ بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار بەردی بناغە دانراون و ھەشت ملیاری دیکەش ماوە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت.''
پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕۆژانە لە قەزا و ناحیەکانی دھۆک بەردی بناغە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان دادەنرێت، پڕۆژەکان ئەوەندە زۆرن پێ ڕاناگەین بۆ دانانی بەردی بناغە، گرینگیی جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ ئێمە لەوەدایە لە کاتی خۆیاندا جێبەجێ بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتیان.''
د. عەلی تەتەر دەشڵێت: "ھەموو ئەو پڕۆژانەی لە سنووری شێخان پێشتر چوونەتە واری جێبەجێکردن بە کوالێتیی زۆر باشە کۆتایییان ھاتووە، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان و لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا چەندین پڕۆژەی دیکە دەخرێنە واری جێبەجێکردن و ھاووڵاتیانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کاروانی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت.''
قائید میرۆ




