پێویستە پەرلەمانی کوردستان پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان دەربارەی دوو پرسی گرنگ

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد گوتی: پێویستە پەرلەمانی کوردستان پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی و پرسی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن یەکلایی بکاتەوە، چونکە هەڵبژاردن مافێکی دەستووری و یاساییی خەڵکی کوردستانە و ناکرێت لایەنێک لێیان زەوت بکات.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد، دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''زۆر گرنگە، پەرلەمانی کوردستان پەلە بکات لە چارەسەرکردنی پرسی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کە ئەوە داواکارییەکی سیاسی و دیموکراسییە و ئێمەی پارتی سوورین لەسەری کە سەرۆکی حکوومەتیش لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە گرنگە پەرلەمانی کوردستان دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، چونکە تەنها ڕەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی جەماوەرییشی هەیە و مافێکی دەستووری و یاساییی گەلی کوردستانە کە مافی خۆیانە پیادەی بکەن و ناکرێت لەلایەن لایەنێکەوە زەوت بکرێت و کێشەی ناوخۆی هەر حیزبێک هەبێت، کێشەی خۆیانە و ناکرێت بگوازرێتەوە بۆ ناو خەڵک و ببێتە بەربەستی هەڵبژاردن، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.''
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوەی یەکێتی داوای دەکات کە خەرجییەکان مەرکەزی بێت وخەرجی ئەوانیش بێتە سەر خەرجی گشتیی حکوومەت، بۆ ئەو داواکارییە پێویستە ئەوەش قبووڵ بکەن و ڕێگا بە حکوومەت بدرێت سەرپەرشتیی هەموو داهاتی هەرێم بکات و پێویستە داهاتیش مەرکەزی بێت، نەک تەنها خەرجی و ڕێگەش نادەن حکوومەت سەرپەرشتیی داهات بکات، بۆیە ئەمە مەنتقی نییە و ئەگەر داوای لامەرکەزیی ئیداری هەبێت و خەرجی خۆیشیان بخرێتە سەر گشتی، ئەوکات پێویستە ڕێگا بدەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی داهات بکات بۆ ئەوەی داهاتەکە بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە و بتوانن هەموو ناوچەکانی کوردستان لە داهاتی گشتی پارەیان بۆ خەرج بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




