٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وڵاتان بە ئەزموونی هەرێم لە بواری ھەڵبژاردن سەرسامن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی هیندستان بەشدارییان لە خولێکی پێنج ڕۆژی کرد سەبارەت بە ئەزموونی وڵاتان لەبارەی هەڵبژاردنەوە کە 20 وڵات تێیدا بەشدار بوون و ئەوانیش سەرسامیی خۆیان بە هەرێمی کوردستان دەربریووە و هەڵسەنگاندنیشیان لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە زۆر ئیجابی بوو.

ئارام نەجمەدین، بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی  نووسینگەی هەولێر و ئەندامی شاندی کوردستان بۆ هیندستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خولێک لە هیندستان کرایەوە لەبارەی هەڵبژاردن کە نوێنەری 20 وڵات تێیدا بەشدار بوون و ئێمەش وەکوو کۆمسیۆنی هەرێمی کوردستان بەشداریمان لەو خولە کرد و هەر یەکێک لەو وڵاتانە باسی ئەزموونی خۆیان کرد لە ڕووی هەڵبژاردن و لە داهاتوودا چی بکرێت بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت لە بواری هەڵبژاردن و مافەکانی دەنگدەر دەستەبەر بکات و بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ڕۆشنبیرکردنی دەنگدەر بوو لە قۆناغی تۆمارکردن و قۆماغەکانی دیکە.''

ئارام نەجمەدیم گوتیشی: ''سوودێکی زۆری هەبوو ئەو خولە کە هەر وڵاتێک ئەزموونێکی تایبەت بە خۆیانی هەیە لە بواری هەڵبژاردن و ئەوانیش سوودیان لە ئێمە وەرگرت کە ئێمە باسمان لەوە کرد ئێمە هەرێمێکین لە ساڵی 1992ـوە هەڵبژاردنمان کردووە و کۆمەڵێک پارتی سیاسی هەیە و مافی پێکهاتە و کەمەنەتەوەکان لای ئێمە پارێزراوە و پەرلەمانی کوردستان هەیە و بە زمانی خۆمان قسە دەکەین و هەرێمێکین لە چوار پارێزگا پێک دێت و ئەوان زۆر سەرسام بوون بە هەرێمی کوردستان.''

نەجمەدین باسی لەوەش کرد: ''ئەوەشمان باس کرد کە ئێمە پێش 1991 لە شاخ بووین، بەڵام کە گەڕاینەوە هەڵبژاردنمان کرد و بڕوامان بە دیموکراسیەت و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک هەیە، بۆیە زۆر باش هەڵسەنگاندنیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئەنجامێکی باشی هەبوو خولەکە و پێنج ڕۆژی خایاند.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار