هەریری: سەرۆکایەتیی هەرێم چەترێک بووە بۆ هەموو لایەک.. پێویستە گەشبین بین

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری دەکات و بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵدەستێت، بەڵام پێویستە فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان گرفتی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن چارەسەر بکەن.
فەوزی هەریری، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە چەترێک بووە بۆ هەموو لایەک و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ئەرکە، بۆیە ئەو کێشەی ئێستا هەیە پێمان ناخۆشە و پێویستە گەشبین بین چارەسەر دەکرێت و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەیە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکرێن".
هەریری گوتیشی: "ئەوەی ئێمە زانیاریمان هەیە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کە دەستپێشخەر بێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هیوادارین ئەو کۆبوونەوانە بە زووترین کات ئەنجام بدرێن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەرکی ئێمەیە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکەین، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو کارە دەکات لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا، بەڵام پێویستە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، کۆببنەوە و یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە تا هەڵبژاردن بکرێت و، سەرۆکی هەرێمیش ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ دەکات".
بڵند ئیبراهیم




