نیهاد قۆجە: رۆژانە 2 هەزار کەس سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەڵێت، بەردەوامن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و ئێستاش قەڵاکە بووەتە ناوەندێکی کولتووری و گەشتوگوزاری و رۆژانە نزیکەی 2 هەزار کەس سەردانی دەکەن.
نیهاد قۆجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "قەڵای هەولێر ماستەرپلانێکی تایبەتی خۆی هەیە و لە ساڵی 2007ـەوە دەستمان بە کارکردن تێیدا کردووە، کە کارکردنیش لە قەڵادا ئاسان نییە لەبەر هاتوچۆ و تەسکیی کۆڵانەکان و گرفتی دارایی، بەڵام ئێستا ئەو کارانەی دەکرێن لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپا و یونسکۆوەیە و شێخ بازیش هاوکارییەکی باشمان دەکات و خەڵکی دیکەش هاوکارن، کە لە ئێستادا نۆژەنکردنەوەی خانووەکان دەستی پێکراوە و لە شەقامی ناوەندەوە دەستمان پێکردووە".
سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر گوتیشی: "لەناو قەڵا مۆزەخانەی رستن و چنین و کولتووری کوردەواری و ئەرشیفی موزیکی کوردستان هەیە بە هەموو زمانەکان، هەروەها مۆزەخانەی بەردین و سەنتەرێکی زانیاری هەیە کە پێی دەگوترێت ماڵی یەعقوب ئاغا و زانکۆی جیهانیش سەنتەرێکیان هەیە، ئەمەش جوانییەکی بە قەڵای هەولێر بەخشیوە، هاوکات منارەی مزگەوتی قەڵای هەولێر و تانکی ئاوی قەڵا نۆژەن کراونەتەوە، کە هەم ئاوی قەڵا و هەمیش ئاوی قەیسەریی هەولێر لەسەر ئاوی ئەو تانکییەیە، کە ماوەی 70 ساڵ زیاترە و لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵیشدا دەست بە بەردڕێژکردنی شەقامی ناوەندی قەڵا دەکەین و بەو شێوەیە رووکەشێکی نوێ بە قەڵا دەبەخشرێت".
قۆجە باسی لەوەش کرد: "بەپێی رێنماییەکان، چەند کافتریا و رێستورانتێک لە قەڵا دەکرێنەوە، ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، کە بتوانین قەڵا کارا بکەینەوە و خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیانی ناوخۆ و بیانی بکەین، بۆیە قەڵا بووەتە ناوەندێکی کولتووری و گەشتوگوزاری و ڕۆژانە نزیکەی 2 هەزار کەس سەردانی دەکەن".
بڵند ئیبراهیم




