٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە مانگی داھاتوو ئینتەرنێتی ھەرزان و بێبەرانبەر دەدرێتە ھاووڵاتیان"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- بڕیارە لە مانگی شوباتی داھاتوو ئینتەرنێتی ھەرزان و بێبەرانبەر بدرێتە ھاووڵاتییان و جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندنیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سێ پاکێج ئامادە کراون و یەکێک لەو پاکێجانە بێبەرانبەرە بۆ ھاووڵاتییان.

ئیبراھیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنە گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە دوو ڕێگەوە نرخی ئینتەرنێت لەسەر ھاووڵاتییان ھەرزان دەکرێت و داشکاندنەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە کۆمپانیاکانی گەیاندن لە ھەموو عێراق سەرتاسەرین و ھەر بڕیارێک بدرێت بۆ ھەموو عێراقە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، لە مانگی شوباتی داھاتووش بڕیاری ھەرزانکردن و دابەشکردنی ئینتەرنێت دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن ڕوونی کردەوە: "سێ پاکێج ئامادە کراون بۆ ھەرزانکردنی نرخی ئینتەرنێت لەسەر ھاووڵاتییان، پاکێجی یەکەم حکوومەت خۆی ١٠ گێگابایت لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە بە کێبل ئینتەرنێت دەگەیەنێت و بێبەرانبەر مانگانە دەدرێت بە ھاووڵاتییان و پاکێجی دووەم ١٠٠ گێگابایت بە ١٥ ھەزار دەدات بە ھاووڵاتییان.''

ئیبراھیم میرانی گوتیشی: ''بڕیارێکی دیکەی حکوومەت ئەوەیە لە مانگی داھاتووەوە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن کراوە و نرخی کارت و بەکارھێنانی ئینتەرنێت داشکاندنی بۆ بکرێت و بە شێوەیەک بێت لەگەڵ ڕەوشی ئابووریی ھاووڵاتییان بگونجێت، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بتوانن ئینتەرنێتی ھەرزانیان دەست کەوێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار