لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 100 ساردکەرەوە هەیە

دهۆک -KDP.info- بەڕێوبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاشکرای کرد، ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک دروستکردنی سارکەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ساردکەرەوە، کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە700 تۆن بەرهەمی دەبێت.
ئەحمەد جەمیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 100 سارکرەوە دروست کراون و لە بواری دروستکردندان و ئێمە گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی سارکەرەوە دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی ناوخۆی تێدا هەڵبگرین و ئەو سارکەرەوانەش زیاتر لە بەردەڕەش و شێخان و سێمێلن.''
ئەحمەد جەمیل گوتیشی: ''ئەو سارکەرەوانە زیاتر لە 700 تۆن بەرهەمی ناوخۆ دەگرێت، کە ئێستا پەتاتەی تێدا هەڵدەگیرێت، بەڵام بەنیازین بەرهەمەکانی دیکەشی تێدا هەڵبگرین وەکوو هەنار و سێو و میوەکانی دیکە.''
جەمیل ڕوونیشی کردەوە: ''یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە و کاری ئێمە ئەوەیە کە گرنگیی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆ دەدات.''
بڵند ئیبراهیم




