سێ پڕۆژەیاسای گرینگی کەرتی تەندروستی ئامادە دەکرێن

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێم خەریکی ئامادەکردنی سێ پڕۆژەیاسای گرینگی تەندروستییە و دوای تەواوبوونیان ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێن بۆ پەسەندکردن و دەشڵێت، دوای دەرچوونیان سوودی زۆریان بۆ ھاووڵاتییان دەبێت.
د. خالس قادر، ڕاوێژکاری تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم ئامادەکاری بۆ سێ پڕۆژەیاسای گرینگی کەرتی تەندروستی دەکات کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و بڕیارە دوای تەواوبوونیان ڕەوانەی پەرلەمان بکرێن، دوای پێداچوونەوە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکان دەخرێنە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پەسەندکردنیان.''
ڕاوێژکاری تەندروستیی پەرلەمان گوتیشی: "بڕیار وایە لەم خۆڵەی پەرلەماندا ھەرسێ پڕۆژەیاساکەی تەندروستی دەربکرێن و دوای پەسەندکردنیان سوودێکی زۆریان بۆ ھاووڵاتیان دەبێت لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستی و خۆراکەوە.''
د. خالس قادر ڕوونی کردەوە: "یەکێک لەو پڕۆژانە یاسای دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بە دەرمان و خۆراکە، ئەمە زۆر گرینگە بۆ ژیانی ھاووڵاتییان و دڵنیام دوای دامەزراندنی دەزگاکە، ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەی بەزانستیکردنی خۆراک و دەرمان، ھەروەھا پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی و پڕۆژەیەکی دیکەی کەرتی تەندروستی، کە ئەمانە گۆڕانکاری دەکەن و پەرلەمانیش جددییە لە پەسەندکردنیان.''
قائید میرۆ




