٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق تەلعەت: ئەو شەش ھەزار کەسەی بۆ سنوورەکان دادەمەزرێن، خەڵکی ھەرێمی کوردستانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، شەش ھەزار پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دادەمەزرێن، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەی دادەمەزرێن خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبن و دوای پەسەندکردنی بودجەش پرۆسەی دامەزراندنیان بەڕێوە دەچێت.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەییی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو شەش ھەزار کەسەی وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەی پێ کردووە وەک پۆلیسی سنووری دادەمەزرێن، خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبن و ئەرکی پاراستنی سنووریان پێ دەسپێردرێت، پرۆسەی دامەزراندنیان دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەڕێوە دەچێت و لەوانەیە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە، بەڵام پشکی شێری بەر ھاووڵاتیانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت و وەک پۆلیسی سنووری دادەمەزرێن.''

بەرپرسەکەی حکوومەتی ھەرێم دەشڵێت: "چەندین جار وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەردانی سنوورەکانیان کردووە و بڕیارە تا دوا خاڵی سنووری بنکەی چاودێری و پاراستنی سنووری جێگیر بکرێت و سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر کۆنتڕۆڵ بکرێن.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەماھەنگیی زۆر باش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و نەھێشتنی کێشەکانی سەر سنوور، چەندین جاریش ھەم شاندی ناوخۆی ھەرێم سەردانی بەغدای کردووە و ھەم ئەوان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ دروستکردنی ھەماھەنگیی باش، دەتوانم بڵێم ئێستا ھەماھەنگیی زۆر باش ھەیە و لەو ڕێگەیەوە پێکەوە کار دەکەن لەسەر ھەموو پرسەکان.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار