وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تایبه‌تی خسته ڕوو

هه‌ولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان به ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگه‌یاند كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده یارمه‌تی و ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ چاپكردنی كتێب بۆ نووسه‌ران و توێژه‌ران و ئه‌م پرۆژه‌یه به پێشنیاری وه‌زیری په‌روه‌رده به‌ڕێز ئالان حه‌مه سه‌عید بوو، ئێمه‌ش پشتگیریمان لێ كردووه.
ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، مامۆستا جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به مه‌به‌ستی پشتگیری و ده‌ستگیرۆیی نووسه‌ران و ڕۆشنبیران، ده‌سپێشخه‌رییه‌كی خستووەته ڕوو به مه‌به‌ستی چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان و ئه‌م بابه‌ته فكره‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده، ئالان حه‌مه سه‌عید بووه و پێشكه‌شی كردووه و ئێمه‌ش پشتگیریمان كردووه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌كه به باشترین شێوه بەڕێوه بچێت.''
ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ڕوونی كرده‌وه: ''پرۆژه‌كه‌یان دابه‌ش ده‌بێ به‌سه‌ر چوار بابه‌تدا له بواره‌كانی، په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی و زمانه‌وانی و بابه‌تی ژینگه‌یی و په‌روه‌رده‌یی و به ڕاشكاوی ڕایده‌گه‌یه‌نین كه ئه‌و بابه‌تانه تا ڕاده‌یه‌ك له ئه‌زمه‌دان، واته نووسه‌ران ئه‌گه‌ر له‌و بوارانه‌دا نووسینێكیشیان هه‌بێ ده‌رفه‌تی چاپیان نه‌بووه و كه‌س نه‌بووه به ده‌نگیانه‌وه بێت، بۆیه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به پێویستی زانی ئه‌و ده‌رگایه له‌سه‌ر نووسه‌ران بكاته‌وه بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی هه‌یانه، تاوه‌كوو بۆیان چاپ بكات و مه‌به‌ستیشمان له چاپكردنی كتێبه‌كان ته‌نیا پشتگیریی نووسه‌ران و به‌ره‌وپێشبردنی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و كتێبخانه‌ی كوردییه، بۆ چاپكردنی كتێبه‌كانیش ئێمه مه‌رجێكی تایبه‌تمان نییه جگه له‌وه‌ی كتێبه‌كان به زمانێكی پاراو و زانستی نووسرابن و بۆ خوێنه‌ر به‌كه‌ڵك بن و كاتی خوێنه‌ر به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن و شتێكی نوێ بخه‌نه سه‌ر خه‌رمانی كتێبخانه‌ی كوردی.
مامۆستا جه‌بار جه‌مال سه‌باره‌ت به تیراژ و خاوه‌ندارێتیی كتێبه‌كان ڕایگه‌یاند: هه‌ر كتێبێك تیراژه‌كه‌ی 500 دانه ده‌بێت و تیراژه‌كان وه‌ك خۆی ده‌ده‌ینه‌وه به نووسه‌ره‌كان و نووسه‌ره‌كان خۆیان بۆیان هه‌یه بیكه‌نه دیاری بۆ خوێنه‌رانیان، یان كتێبخانه‌كان، یان نرخێكی له‌سه‌ر دابنێن و له بازاڕه‌كاندا بیفرۆشن، ئازادن، هه‌روه‌ها چاپكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانیش مافی خۆیانه، مافی كتێبه‌كان و چاپكردنه‌وه‌یان ده‌ده‌ینه‌وه به نووسه‌ره‌كان خۆیان و هیوادارین ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی جه‌نابی وه‌زیر و وه‌زاره‌ت شوێنێك له جیهانی كولتوور و كتێبخانه‌ی كوردیدا پڕ بكاته‌وه.''
ناوبراو سه‌باره‌ت به پێشوازیی نووسه‌ران و ڕۆشنبیران ڕوونی كرده‌وه: پێشوازیی نووسران و ڕۆشنبیران له‌وپه‌ڕی خۆیدایه و له ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژدا زیاتر له سه‌د كتێبمان بۆ هاتووه و ئێمه پویستمان به ماوه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كان ته‌ته‌ڵه و ڕیزبه‌ندی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن بتوانین به سیسته‌مێكی باش كتێبه‌كان چاپ بكه‌ین.''
سه‌لاح جه‌لال




