٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد خورشید: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داواکاریی پارتی بووە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت و لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵدەبژێردرێت. بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، داواکاریی پارتی بووە کە لە کەرکووک ھەڵبژاردن بکرێت.

د. محەمەد خورشید، ئەندامی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە بڕیار وایە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام پێم وایە ئەستەمە عێراق بتوانێت ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدات، بەداخەوە دوای ساڵی ٢٠٠٥ی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، لەبەر ئەوەی ھەموو جار لە یاسای ھەڵبژاردنەکان کەرکووکیان بێبەش دەکرد و مافی دەنگدەریان پێشێل دەکرد، دواجار دادگای فیدڕاڵی خاڵی یەکەم و دووەم یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بە کەرکووک.''

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ئێمە وەک پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنین لە کەرکووک و پارتی ڕازییە بەو بڕیارەی لە کەرکووکیش ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت، چونکە دەبێتە ھۆکارێک بۆ گۆڕانکاریی ئیداری لە پارێزگای کەرکووک.''

د. محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمە داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بووە لە ڕێککەوتنی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت و گۆڕانکاریی ئیداری بکرێت، ئێمە وەک پارتی ھەمیشە لەگەڵ ھەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسین لە کەرکووک و ھەموو شوێنەکانی دیکەش.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار