لە کاتی گەیشتنی نەوتەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

دهۆک-KDP.info- بڕیارە بەشەنەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە بگاتە ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆکیش دەڵێ، لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەدا، دەست بە دابەشکردنی بەسەر ھاووڵاتیاندا دەکرێت.
موحسین تەھا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھێشتا بەشەنەوتی بەغدا نەگەیشتووەتە دھۆک و ھەندێ رێکار ماوە چاوەڕێ دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا واتە لە چەند رۆژی داھاتوودا بەشەنەوتی پارێزگای دھۆک بگاتە دەستمان، بۆ ئەوەی بەسەر ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دھۆکدا دابەش بکرێت".
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک گوتیشی: "ھەر کاتێک بەشەنەوتەکەی بەغدا بگاتە کۆگاکانی ئێم، تیمەکانمان ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی یەکسەر پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر خێزانەکانی سنووری دھۆک بەپێی رێنمایی حکوومەت بەڕێوە بچێت".
دوای سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بڕیارە ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بگاتە ھەرێمی کوردستان و بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش بکرێت، بە تایبەتی بۆ ناوشار و دەوروبەری شارەکان.
قائید میرۆ




