لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

بەغدا -KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆرە و دەگاتە نزیکەی 170 ترلیۆن دینار و لەم مانگەدا ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردن، چونکە بودجە ئامادەیە و لێکتێگەیشتنێکی باشیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە .
دکتۆر فازڵ نەبی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو 140 ترلیۆن دینارەی باس دەکرێت کە بودجەی ئەمساڵی عێراقە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا کەمە، بەهۆی ئەوەی بەڵێنی داوە سەرجەم گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی، بۆیە خەرجی زۆری هەیە و بودجەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، چونکە دانرابوو کە 210 ترلیۆن دینار بێت، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت بۆ 170 ترلیۆن دینار دابەزێت، لەبەر ئەوەی زۆر خەرجیان داناوە کە پێویستی بە پارەیەکی زۆرە.''
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتیشی: ''جارێ هەر لە گفتوگۆی بەردەوامدایە و هەرکاتێک یەکلایی بووەوە ئەوکات ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، چونکە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ڕازین کە پشکی هەرێمی کوردستان لە 12،67% بکرێتە 14%، بۆیە بەو شێوەیە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێ پەسەند بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و لەوێش پەسەند بکرێت.''
گوتیشی: ''چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، چونکە بودجەکە ئامادەیە و تەنها هەندێک دەستکاریی دەوێت کە ئەویش زۆر کاتی ناوێت، بۆیە لەم مانگەدا بودجە دەچێتە پەرلەمان.''
بڵند ئیبراهیم




