٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سەباح سوبحی: بە ڕێککەوتنی سیاسی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز ئامادە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کار بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەکرێت و بەبێ ڕێککەوتنیش ئامادە ناکرێت. دەشڵێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شایستەکانی ھەرێم ڕێگە بە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز نادەین.

د. سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لە کارنامەکانی حکوومەتی عێراق دەرکردنی یاسای نەوت و غازە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و غاز لە نێوان ھەرێم و بەغدا، ڕەشنووسی ساڵی ٢٠١١ ئامادەیە و دەکرێ بیکەینە بنەمایەک بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، ئێمە وەک کوتلەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەستمان بە جووڵە کردووە بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە بکرێت.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز زیاتر گوتی: "ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پێشنیاری ئەوە دەکەین ڕێککەوتن بکرێت لەسەر کەرتی نەوت و غاز، چونکە بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی ناتوانرێت یاسای نەوت و غاز دەربکرێت، ئێمەش بەبێ ڕەچاوکردنی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگە بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە نادەین.''

د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: "لەمساڵدا پڕۆژەیاساکە پەسەند دەکرێت، بەڵام وردەکارییەکان دەمێننەوە سەر ڕێککەوتنی لایەنەکان، بەتایبەتی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەبەر ئەوەی ئێمە ناتوانین وەک ھەرێمی کوردستان بە سیاسەتی کۆمپانیای سۆمو کار بکەین، دەرھێنان و بەبازاڕکردن و ھەموو شێوازی کەرتی نەوت جیاوازە لە نێوان ھەرێم و بەغدا، زیاتر لە عێراق کۆمپانیای حکوومەتن، بەپێچەوانەوە لە ھەرێمی کوردستان گرێبەستی ھاوبەش ھەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەوەیش وا دەکات ھەرێم پێویستی بە کۆمپانیای تایبەت بە نەوت و غازی خۆی ھەبێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار