٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنی نێوان پێکھاتەکانی عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەجێندای سەردانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێ، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەدوادچوونی ڕێککەوتنی نێوان پێکھاتەکانی عێراق و دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدایە.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا لەبارەی چەند پرسێکی گرینگە، لەوانەش بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنی نێوان پێکھاتەکانی عێراق دەکات لە نێوان کورد و شیعە و سوننە، چونکە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان سێ پێکھاتەی سەرەکیی عێراق ڕەنگی داوەتەوە لە بەرنامەی حکوومەتی نوێی عێراقدا، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکات.''

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: "کارنامەی حکوومەتی خۆی لە دوو بڕگە دەبینێتەوە، لەوانەش جێبەجێکردن و یاسادانان، لەبەر ئەوەش، ھەرێمی کوردستان پشکی ھەیە لە حکوومەتی عێراق و کورد لە ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و کارنامەی حکوومەت سوودمەند دەبێت، یەکێک لەو پرسانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی لێوە دەکات جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە.''

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەندین بابەتی گرینگ ھەن بۆ قۆناغی ئێستا بۆ ئێمە وەک کورد گرینگیی خۆیان ھەیە، لەوانەش گەڕانەوەی پتڕۆدۆلار، کەرکووک لێی سوودمەند دەبێت، قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان، ئەوانەی دوای شەڕی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر لە  ناوچەکانیان نەماون و ئاوارە و دەربەدەر بوون، لەوەش گرنگتر گەڕانەوە بارەگای لایەنە سیاسییەکان بۆ شارەکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار