"ئەمساڵ چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی لە دھۆک دەکرێنەوە"
__2023_01_11_h16m9s18__ER.jpg)
دهۆک -KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری دھۆک بکرێنەوە و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆکیش دەڵێ، یەکەم پێشانگا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت و چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشداری دەکەن.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پارێزگای دھۆک ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پێشانگای نێودەوڵەتی دەکرێت و لەگەڵ پارێزگاریش وەک ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کۆ بووینەتەوە تا دەست بە ئامادەکارییەکان بکەین، بڕیارە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ یەکەم پێشانگای نێودەوڵەتیی بازرگانی لە شاری دھۆک بکرێتەوە و ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشداری تێدا بکەن، کردنەوەی پێشانگا کاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر کەرتی بازرگانی و ھەموو کەرتەکانی دیکە.''
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دھۆک گوتی: "جگە لەو پێشانگایە ژمارەیەک پێشانگای دیکە ئەمساڵ لە دھۆک بەڕێوە دەچن، لەوانەش کردنەوەی پێشانگای ھاوبەشی دھۆک و میسر لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا چەندین پێشانگای دیکەش ئامادەکارییان بۆ دەکرێت بۆ کردنەوەیان.''
لەبارەی کەمیی کردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان لە دھۆک، ئەیاد حەسەن ڕوونی کردەوە: "چەند ھۆکارێک ھەن ئێمە وەک شاری دھۆک نەتوانین ھاوشێوەی ھەولێر و سلێمانی پێشانگا بکەینەوە، بەتایبەتی نەبوونی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھۆکارە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بەئاسانی نەگەنە دھۆک، ھەروەھا بچووکیی شوێنی پێشانگای نێودەوڵەتی دھۆکیش کاریگەریی ھەبووە، بەڵام ئێستا کار بۆ فراوانکردنی شوێنی پێشانگای نێودەوڵەتیی دھۆک دەکەین و ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.''
قائید میرۆ




